Oct 11, 2023 | هەمەڕەنگ
شەقیقە، یەکێکە لە جۆرە باوەکانی سەرئێشە، کە لە تەمەنی گەنجی یا منداڵییەوە سەرهەڵدەدات، بەشێوەیەکی گشتیی خانمان زیاتر تووشی دەبن وەك لە پیاوان بەڕێژەی 1,3 وە هۆکاری بۆماوەیی (Genetic)ی لە پشتەو دەبێتە هۆی تووشبوونی چەند کەسێك لە یەك خێزاندا.
نیشانەکانی چین:
سەرئێشەیەکی مامناوەند، توند بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ و ناو بە ناو کە 4 تا 72 کاتژمێر دەخایەنێت و زۆربەی کات لایەکی سەر دەگرێت و هەندێکجاریش هەموو سەر دەگرێتەوە.
دڵ تێکهەڵهاتن و ڕشانەوە.
هەستیار بوون بە ڕووناکی و دەنگ و هەندێ جار بە بۆن.
تێكچوونی بینایی بەشێوەی ڵێڵبوونی چاو، یا کوێربوونی کاتیی.
سەرگێژخواردن و بێهێزبوونی گشتیی.
تێکچوونی باری دەروونی و توڕەبوونی زیاد لە پێویست.
هەندێکجار تێکچوونی قسەکردن و سڕبوونی دەم و چاو نیوەی لەش بەشێوەیەکی کاتی .
ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی سەرهەڵدان و خراپبوونی سەرئێشەکە :
گۆڕانکاری کتوپڕی ئاو و هەواو ژینگە.
کەمخەوی، یان زۆر خەوی.
بۆنی تیژ و بەهێز.
فشاری دەروونی و خەمۆکی.
مانووبونی زیاد لە پێویست.
دەنگە دەنگ و ژاوەژاو.
برسێتی و وشكبوونەوە.
گەشتکردن، ماندوو بوونی هاتووچۆ.
هەندێك خواردن و خواردنەوە وەك ( ماست، پەنیر، قاوە، چکلێت، ڕێژەیەکی زۆر لە کافاین، خواردنی پڕچەوری،
پرتەقاڵ، تەماتە، پیاز، خواردنەوەی الکهول، ئەو خواردنانەی کە Tyramine یان تێدایە .
دیاریکردنی نەخۆشییەکە:
هیچ پشکنینێك نییە کە تایبەت بێت بە شەقیقە، وەكو دیاریکردنی نەخۆشییەکە تەنها لە ڕێی وەرگرتنی ڤیژووی نەخۆشی و شێوازی سەرئێشەکەوە، دەبێت کە لەلایەن پزیشکی تایبەتەوە دیاری دەکرێت، ئەو حاڵەتانەی کە گوماناوییە ئەشیعەی سەر وەك MRI یان CT scan ئەنجام دەدرێت، بەمەبەستی دیاریکردنی هۆکاری تری سەرئێشە .
چارەسەر چییە؟
دەرمانی خۆپارێزی بۆ ئەو نەخۆشانەی کە هەفتانە جارێك، یان زیاتر تووشی سەرئێشە ئەبن وەك (propranolol) ، دەرمانی دژەخەمۆکی، دەرمانی دژە گەشکە.
دەرمانی چارەسەر لە کاتی سەئێشەکەدا وەك ئازارشکێن، دەرمانی دژە ڕشانەوە.
ئەو نەخۆشانەی کە سەرئێشەکەیان زۆرە و لەڕێی دەرمانەوە چارەسەر نابێت، دەکرێت لەڕێی دەرزی بۆتۆکسەوە چارەسەربکرێن.