Oct 10, 2023 | بیروڕا
ئەو هێرشە چاوەڕواننەكراوەی بزووتنەوەی حەماس لە بەرەبەیانی حەوتی تشرینی یەكەم بۆ سەر ئیسرائیل، لە زۆر لایەنەوە مایەی هەڵوەستە لەسەركردن و لەسەر وەستانە. رووداوێكە وەك شۆكێك لە مێژووی شەڕوپێكدادانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان دەچێتە مێژووەوە، چونكە بە درێژایی سێ چارەكە سەدەی رابردووی نێوان دروستكردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ ئەمڕۆ، ئیسرائیل رووداوی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
یەكەم جارە ئیسرائیل بكەوێتە بەر هەڵمەتێكی چڕی پەلاماری زەمینی و ئاسمانییەوە كە لە ماوەی كەمتر لە نیو كاژێردا پێنج هەزار مووشەك ئاراستەی بارەگا و بنكە سەربازی و كۆمەڵگە نیشتەجێبوونەكانی بكرێت. لە یەك رۆژدا ژمارەی كوژراوەكانی بگاتە نزیكەی 300 كەس و هەزاران بریندار و دەیان سەرباز و ئەفسەری بكەونە دەست چەكدارە فەلەستینییەكانەوە.
توانا و تاكتیكی سەربازیی حەماس لەم هێرشە لەناكاو و چاوەڕواننەكراوەیدا بۆ سەر ئیسرائیل، مایەی تێڕامانە. لە رابردوودا نە هێزە فەلەستینییەكان و نە ئەو دەوڵەتە عەرەبییانەش كە شەڕیان دژی ئیسرائیل كردووە، نەیانتوانیوە گورزی لەو شێوەیە لە ئیسرائیل بدەن. ئەم توانا و تاكتیك و گەشەكردنە خێرایەی حەماس چەند جێی سەرسوڕمانە، لە بەرانبەردا سستی و لاوازیی زانیاری و توانای بەرگریی زەمینی و ئاسمانی ئیسرائیلیش، هەر جێی پرسیارە.
لە سەردەم و هەلومەرجێكی وەك ئێستای پێشكەوتنی ئامرازەكانی زانیاری و تەكنەلۆژیای سەربازی و هەواڵگری، قورسە باوەڕ بەوە بهێندرێت ئیسرائیل لە نزیكترین دەروازەی جەستەی خۆیەوە بەو ئەندازەیە بێئاگابووە لە خۆپڕچەككردن و مەشق و راهێنانەكانی بزووتنەوەی حەماس كە توانایان گەیشتبێتە ئەو ئاستەی لە ماوەی چەند خولەكێكدا پێنج هەزار مووشەك ئاراستەی نێوجەرگەی ئیسرائیل بكەن.
نەك دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتێكی وەك ئیسرائیل، ئێستا هاووڵاتییەكی ئاسایی دەتوانێت لە رێگەی كامێرای چاودێرییەوە لەسەر شاشەی مۆبایلەكەی چاودێریی ماڵ، یان دووكانەكەی بكات. چی لۆژیكێك ئەوە دەسەلمێنێت ئیسرائیل كە خاوەنی مانگی دەستكردی تایبەت بەخۆیەتی بۆ چاودێری، خاوەن بەهێزترین دەزگەی هەواڵگیرییە كە رۆڵ و كاریگەرییان لەسەر تەواوی وڵاتانی جیهان هەیە، ئەمریكا و ناوەندە هەواڵگرییەكانی نیوەی وڵاتانی جیهانیش لەگەڵ ئیسرائیل زانیاریی هەواڵگری دەگۆڕنەوە، بێئاگابووە لەوەی بزووتنەوەی حەماس بە هەزاران مووشەك و كاتیۆشای دوورمەودای دەستخستووە و خەریكی مەشق و راهێنان و خۆئامادەكردنە بۆ لێدان لە ئیسرائیل.
چەند قورسە باوەڕ بەوە بهێندرێت ئیسرائیل هیچ زانیاری و ئاگاییەكی پێشوەختەی نەبووبێت، لەوەش قورستر ئەوەیە بگوترێت ئیسرائیل چاوپۆشیكردووە لەوەی حەماس ئەو دەستپێشخەرییە بكات لە وەشاندنی گورزێكی لەو شێوەیە و ئیسرائیل پێویستی بە رەخساندنی زەمینەی شەڕێك هەبووبێت كە لە داهاتوودا ئەنجامەكانی دەركەون، رەنگە بۆ هەندێ وڵات ئەوە تا رادەیەك چاوەڕوانكراوبێت وەك ئەوەی تائێستاش كەسانێكی زۆر لە رووداوی 11ـی سێپتێمبەر بە گومانن و پێیان وابوو ئەمریكا كاری بە ئەنجامەكەی هەبوو، بەڵام بۆ گەل و دەسەڵاتێكی دامەزراوەی وەك دەوڵەتی ئیسرائیل ئێجگار قورسە، هیچ سەركردە و سیاسییەك بتوانێت مساوەمەی لەو جۆرە بە گەلی ئیسرائیلەوە بكات، مەگەر لەپێناو ئامانجێكدا بێت كە بەلای ئیسرائیلەوە زۆر چارەنووسسازبێت.
ئەوەی روویدا ئەگەر داوی ئیسرائیل خۆی بووبێت بۆ حەماس و ئەوانەی خەریكی پڕچەككردنی حەماسن، یان بە حەقیقەت ئیسرائیل بەو ئەندازەیە بێئاگابووبێت لەوەی چی لە دەوروپشتی دەگوزەرێت، ئەنجامەكەی یەك شتە. ئەویش ئەوەیە كاردانەوەی ئیسرائیل تەنیا بەوەوە ناوەستێت پەلاماری بزووتنەوەی حەماس بدات لە كەرتی غەززە، ئەو گەردەلوولە دەبات لە شوێنێكی دیكە دەینیشێنێتەوە.
ئەگەر ئیسرائیل چاوپۆشیكردبێت لەوەی ئەو دەستپێشخەرییە بكرێت لەلایەن حەماسەوە بۆ دەستپێكردنی وەك ناوی ناوە گەردەلولی ئەقسا، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل ئەمەی تەنیا بۆ ئەوە نییە وەك پەرچەكردار و وەڵامدانەوە پەلاماری حەماس بدات، چونكە بۆ پەلاماردانی حەماس پێویستی بە دروستكردنی سیناریۆ نییە. نە گەلی ئیسرائیل و تەنانەت هێزە نەیار و ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئیسرائیلیش ناڕازی نەبوون و نین لەوەی ئیسرائیل چەند گوشاری زیاتر بخاتە سەر فەلەستینییەكان بەگشتی و حەماسیش بەتایبەت. كەواتە ئەگەر سیناریۆ بێت، بۆ ئێرانە، چونكە ئەمڕۆ جگە لە ئێران هیچ دەوڵەتێك پشتگیری لە بزووتنەوە چەكدارییەكانی فەلەستین ناكات.
ئەگەر سیناریۆ نەبێت و بزووتنەوەی حەماس توانا و تاكتیك و سەرچاوەی هێزیان گەیشتبێتە ئەو ئاستەی بتوانن لە رۆژێكدا گورزی لەو جۆرە لە ئیسرائیل بدەن. بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل لە سەرچاوەكانی پشتیوانیكردن و پڕچەككردنی حەماس دەدات كە ئەویش ئێرانە، چونكە ئیسرائیل و هەموو دنیا دەزانن سەرچاوەی ئەو مووشەك و چەك و كەرەستە جەنگییانەی حەماس دەتوانێت بەهۆیانەوە رووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە، لە ئێرانەوەیە. تەنانەت ئەگەر لەنێو كەرتی غەززەش دروستبكرێن و بەرهەم بهێندرێت، پسپۆڕ و شارەزای ئێرانی بەرهەمی دەهێنێت. خەسڵەتی ئیسرائیلیش وەك ئێران وایە، هەمیشە دەیەوێ كێشە و قەیرانەكان لە نێوخۆی خۆی دووربخاتەوە. بۆیە ئەگەرێكی كراوە و چاوەڕوانكراوە كە كاردانەوە و وەڵامی ئیسرائیل تەنیا لە كەرتی غەززە و بە حەماسەوە ناوەستێت، تاران دەبێتە ئامانجی ئیسرائیل.
ئەمە جیا لەوەی ئەمریكا و ئیسرائیلیش لەسەر ئەوە هاوڕان كە نابێت رێگەبدرێت ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی. ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی و زۆر ناوەندی گرنگی زانیاری و هەواڵگریش ئەوە دەسەلمێنن كە ئێران گەیشتووەتە نزیك قۆناخەكانی كۆتایی دەستڕاگەیشتنی بە چەكی ئەتۆمی. بۆیە لەم سۆنگەیەشەوە بە دوور نازانرێت ئەم رووداوانەی ئێستای ئیسرائیل، دەستپێكێك بن بۆ لێدان لە وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران.
نووكتەیەكی باو هەیە دەڵێن كابرایەك دوو كچی هەبوو، یەكێك لە زاواكانی لە گەرمیان بوو ئەوی دیكەیان لە كوێستان. چوو بووە دیدەنی كچەكانی. زاواكەی كوێستانی داد و بێدادی بوو لەوەی ئەگەر باران ببارێت بەهۆی سەرماو سۆڵەوە زیانی زۆر بە بەروبووم و مەڕوماڵاتەكەی دەگات. زاوا گەرمیانییەكەیشی داد و بێدادی بوو لەوەی ئەگەر باران نەبارێت، مەڕوماڵات و بەروبوومی كشتوكاڵی تیادەچێت. كابرا گوتبووی، باران ببارێت یان نەبارێت، یەكێك لە زاواكانم فت. دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین لەم رووداوەی ئیسرائیلیش، تارانم فت.
نوسەر: عارف قوربانی