Oct 9, 2023 | عیراق
بەتۆمەتی ناوزڕاندن و سوكایەتی پێكردن، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سكاڵای یاسایی لەدژی سەركردەیەكی سوننە تۆمار دەكات.
محەمەد حەلبوسی لەڕێگەی بریكارەكەیەوە، لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ/ 3 لە بەغدا، سكاڵایەكی یاسایی لەدژی مشعان جبوری، یەكێك لە سەركردەكانی سوننەو ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تۆماركردو تێیدا ناوبراوی بەوە تۆمەتبار كردووە كە لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا تۆمەتی بۆ سەرۆكی پەرلەمان هەڵبەستووەو ناوی زڕاندووە.
لە سكاڵاكەدا هاتووە، مشعان جبوری لە دیمانە تەلەفزیۆنییەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی تۆمەتباركردووە كە لەسەر رێڕەوی سەدام حوسێن-ی سەرۆكی لەسێدارەدراوی عیراق هەنگاو دەنێت و بانگەشە بۆ بەهەرێمكردنی پارێزگای ئەنبار دەكات كە لەلایەن ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەكرێت.
مشعان جبوری لەو دیمانەیەدا هێرشێكی توندی كردبووە سەر محەمەد حەلبوسی و بەوە تۆمەتبار كردبوو كە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بەستووەو لەو رێگەیەوە پلان بۆ دەستبەسەرداگرتنی سامانی پارێزگای ئەنبار دادەڕێژێت.
بریكارەكەی حەلبوسی لە سكاڵاكەیدا داوای لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ كردووە، بەپێی ماددەی 226 لە یاسای سزادانی عیراقی، رێكاری پێویست لەدژی مشعان جبوری بگرنەبەر، بەوپێیەی ناوبراو سووكایەتی بە سەرۆكی دامەزراوەی یاسادانان كردووە، كە هێمای سیستمی دیموكراتییە.