121102023_erqg.jpg

عیراق و ئێران گفتوگۆ لەسەر 12 خاڵی پەیوەست بەسنووری نێوانیان دەكەن

Oct 9, 2023  |   عیراق 

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی ئەمنییدا، 12 خاڵی سنووریی لەگەڵ ئێران دانراون.

فەریق ڕوكن قەیس خەڵەف محەمداوی لەبارەی ڕێككەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ ئێران ڕایگەیاندووە، دوای واژووكردنی رێككەوتننامە ئەمنییەكە، لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق، قاسم ئەعرەجی و ئەفسەرانی پسپۆڕ لە وەزارەتەكانی بەرگریی، ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان پێكھێنرا، نزیكەی یەك ساڵە لیژنەكە كار دەكات بۆ ئەوەی بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەكە دابنێن و وتیشی: "ھێزەكانی پاسەوانی سنووریی عیراق، تەواوی سنوورەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەپارێزن".

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان، ئاماژەی بەوەشداوە: "لایەنە دژبەرە كوردییەكانی ئێران لە سنوور دوور خراونەتەوە و لەو ناوچانەی كە بۆیان دیاری كراوە، نیشتەجێ كراون".

فەریق ڕوكن قەیس خەڵەف محەمداوی باسی لەوەشكردووە، لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی ئەمنییدا، 12 خاڵی سنووریی لەگەڵ ئێران دانراون و وتیشی: "ھێزی پاسەوانی عیراق لەو خاڵە سنوورییانە، جێگیركراون".

لە 19ی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، ڕێككەوتننامەیەكی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عیراق و ئێران واژوو كرا .

دوو خاڵی نێو ڕێككەوتننامەی ئەمنی نێوان عیراق و ئێران، تایبەتن بە چەككردنی لایەنە دژبەرەكانی عێراق، ھەروەھا كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی نێوان ھەردوو وڵات.

ڕۆژی 19ی مانگی ئەیلوولی 2023، لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی ئەمنی ھاوبەشی عێراق و ئێران ڕایگەیاند كە بارەگاكانی حزبە دژبەرە كوردییەكانی ئێران لە نزیك سنووری ئێران چۆڵ كراون و ھێزی پاسەوانیی سنووری عێراق لەو ناوچانە جێگیركراون.