Oct 9, 2023 | عیراق
سبەینێ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی روسیا دەکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا کۆدەبێتەوە.
کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا-کریملین، لە راگەیەندراوێدا ئاماژەی بەوەکرد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی مۆسکۆ پایتەخت دەکات و رۆژی سێشەممە چاوی بە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا دەکەوێت.
دەشڵێت، پوتن و سودانی رەوشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دوایین پێشھاتە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و بەغداد و بەرەو پێشبردنی ئەو پەیوەندییانە تاوتوێ دەکەن.
رۆژی پێنجی ئەم مانگە، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە کۆڕبەندی ڤاڵدای کە لە شاری سوچی بەڕێوەچوو رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی دێتە روسیا و خۆشحاڵن بەو سەردانە و پێشوازی لێدەکەن و دەیانەوێت ھەردوولا گفوگۆ لەسەر زیاتر گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیان بکەن، وتیشی، پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و مۆسکۆ ستراتیژین و چەندین بەرژوەندی ھاوبەشیان ھەیە.