Oct 9, 2023 | وەرزش
لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، ئەستێرەی یانەی ئینتەر میامی، هەڵوێستی خۆی لەبارەی گەڕانەوەی بۆ بەرشەلۆنە یەکلاییکردەوە.
ڕاپۆرتەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایانگەیاندبوو کە ڕەنگە مێسی بە خواستن لە گواستنەوەی زستانەدا بگەڕێتەوە بەرشەلۆنە، ئەگەر ئینتەر میامی سەرنەکەوێت بۆ پاڵاوتنەکانی کۆتایی خولی ئەمریکی.
مێسی لەم دواییانەدا بەهۆی پێکانەوە بەشداری لەگەڵ ئینتەر میامی نەکرد، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی ئەنجامەکانی تیپەکە، بەشداریکردنی لە قۆناغی “پلەی ئۆف”یش بووە جێگەی گومان.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "زە ئەتلەتیک"ی بەریتانی، سەرچاوەیەکی نزیک لە مێسی (کە بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکات زانیارییەکانی بۆ ڕۆژنامەکە ئاشکرا کردووە) ڕایگەیاندووە، مێسی بە خواستن ناچێتە هیچ شوێنێک، هەروەها مەبەستی مانەوەیە لەگەڵ ئینتەر میامی.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد مێسی هاوینی ڕابردوو لە بیرۆکەی چاوەڕوانی بەرشەلۆنە دووربکەوێتەوە، ئاسوودەیی خێزانەکەی بوو، بەو پێیەی نەیدەویست تا دوا خولەک پلانەکانیان ڕابگرێت، بەتایبەت خوێندنی منداڵەکانی و بوونیان لە ماڵێکی نوێدا”.
لە کۆتاییدا وتی: "هەروەها مێسی بیرۆکەی بە خواستن لە زستانی داهاتوودا ڕەتدەکاتەوە بەهۆی هەمان دیدگا، بەو پێیەی نایەوێت لە ناوەڕاستی وەرزدا خێزانەکەی بەجێبهێڵێت و بچێتە ئەوروپا یاری بکات، ناشیەوێت لەگەڵ خۆیاندا بیانگوازێتەوە".