Oct 9, 2023 | وەرزش
ئەمڕۆ شەممە، لویس ئێنریکی ڕاهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە هۆکاری دابەزینی ئاستی ئەم دواییەی ئەستێرە فەرەنسیەکەی، کیلیان مباپێ.
ئینریکی بەرگری لە مباپێ کرد و وتی: "لەم هۆڵەدا ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری ئەوەی لێکردم کە بۆچی پاریس زۆر پشتی بە مباپێ بەستووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ٧ یان ٨ گۆڵی تۆمارکردووە، لەکاتێکدا باقی هاوڕێکانی گۆڵیان نەکردووە".
ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستاش پرسیاری ئەوە دەکەیت کە مباپێ پێویستی بە چییە بۆ ئەوەی ئاستی خۆی بەرزبکاتەوە، تەنها لەبەر ئەوەی لە دوو سێ یاریی ڕابردوودا گۆڵی تۆمارنەکرد؟
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "کیلیان کاتێک گۆڵ تۆمار دەکات سوپەرمان نییە، هەروەها نابێتە کەسێکی ئاسایی کاتێک گۆڵ تۆمار ناکات، دەبێت شتەکان بە شێوەیەکی واقیعی هەڵسەنگێندرێن، یاریزانێکی زۆر گرنگە، 100% هەوڵەکانی دەدات، هەمیشەش هەروایە یەکلاکەرەوەیە."
لەکۆتاییدا ئێنریکی وتی: "ڕۆڵی من وەک ڕاهێنەر ئەوەیە کە کەشوهەوایەک دروست بکەم بۆ باشکردنی تواناکانی مباپێ، هەروەها چۆنیەتی دوورکەوتنەوە لە لاوازییەکانی".