Aug 31, 2020

بارسێلۆنا بۆ سزادانی مێسی یەکەم هەنگاو دەنێت


راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یانەی بارسێلۆنا ئامادەیە بۆ ئەوەی یەکەم هەنگاو بۆ سزادانی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بهاوێت.

بەپێی ئەو سەرچاوانە ئەگەر مێسی بەردەوام بێت لە یاخیبوونەکە و ئامادەی مەشقەکانی یانەکەی نەبێت، بارسا دەست بە سزادانی دەکات و لە بری ئامادەنەبوون لە هەر یەکەیەکی مەشقیدا بڕێک پارە لە مووچەکەی کەمدەکاتەوە.

مێسی ئامادەنەبوو پشکنینی کۆرۆنا بکات و پێشناچێت ئامادەی مەشقەکانی بارسێلۆنا ببێت، چونکە سوورە لەسەر رۆیشتن لە بارسێلۆنا، کە بەر لە چەند رۆژێک لە رێگەی فاکسێکەوە کارگێڕی بارسای لەوە ئاگادارکردەوە کە دەیەوێت ریزەکانی یانەکە جێبهێڵێت.

سەرەڕای ئەوەی دەستەی لالیگا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا پشتگیری خۆی بۆ بارسێلۆنا لەدژی داواکەی مێسی نیشاندا و رایگەیاند هەر یانەیەک بیەوێت گرێبەست لەگەڵ مێسی بکات، پێویستە بڕی 700 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مێسی سوورە لەسەر یاخیبوونەکەی.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، دووپاتیکردووتەوە کە بارسا بڕیاریداوە هەر رۆژێک مێسی ئامادەی مەشقەکان نەبێت بەشێک لە مووچەکەی ببڕێت.

ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە مووچەی یەک رۆژی مێسی 110 هەزار یۆرۆیە، واتا هەر رۆژێک نەچێتە مەشقەکان بەو بڕە پارەیە سزا دەدرێت.