Aug 15, 2020

بارسا بڕیاری خۆی دەدات


جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، داوایکردووە رۆژی دووشەممەی داهاتوو یانەکە کۆبوونەوەیەکی لەناکاو بکات، دوای دۆڕانە شەرمەزارکەرەکەی یانەکە لە چامپیۆنزلیگدا.

یانەی بارسێلۆنا لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا تووشی ئەنجامێکی ئابڕووبەرانە بوو، کاتێک بە ئەنجامی 2 - 8 بە بایرن میونشنی ئەڵمانی دۆڕا.

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا ئاشکرایانکرد، بارتۆمیۆ زۆر بەپەلەیە بۆ ئەوەی هەندێک بڕیاری بەپەلە و چارەنووسساز بدات، کە ئێستا یانەکەی لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە.

بارتۆمیۆ دەبێت ئەمجارە مێسی رازی بکات
ئەو سەرچاوانە باس لە هەندێک پرس دەکەن کە بارتۆمیۆ لەگەڵ کارگێڕی یانەکە قسەی لەسەر دەکات و وەک بڕیار لە کۆبوونەوەکەدا رایاندەگەینێت و دەڵێن "یەکەم ئەو بڕیارانە دەرکردنی کیکێ سیتێنی راهێنەر و یاریدەدەرەکانییە لە مەشقەکانی بارسا".

ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە ئەوە تاکە بڕیاری بارتۆمیۆ و کارگێڕی بارسا نابێت و دەڵێن "یەکێک لە بڕیارەکانیش دیاریکردنی راهێنەرێکی نوێیە بۆ جێگرتنەوەی سیتێن". هەر ئەو سەرچاوانە دەڵێن "زۆربەی ئەندامانی کارگێڕی بارسا لەگەڵ ئەوەدان ئەو ئەرکە بە ماوریسیۆ پوچێتینۆی راهێنەری ئەرجەنتینی بدرێت".

هەروەها پێشبینی دەکرێت هەندێک لە بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی یانەکە دەربکرێن و ئەگەری ئەوەش هەیە داوابکرێت هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەکە پێشبخرێن، کە بڕیارە لە ئاداری 2021 ئەنجام بدرێن".

ئەمە لە کاتێکدیە کە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان لە کەتەلۆنیا باس لەوە دەکەن کە بارتۆمیۆ بەنیاز نییە دەستلەکاربکێشێتەوە و دەیەوێت تاوەکو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەکە بەردەوام بێت.