ترەمپ: ببمەوە بە سەرۆك بە یەك رۆژ کۆتایی پێدێنم

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند ئەگر ببێتەوە بە سەرۆك ئەوا بە یەك رۆژ کۆتایی بە شەڕی ئۆکراینا دەهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، کە بە فەرمی پاڵێوراوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٠٢٤، بانگەشەی ئەوەی کرد کە چارەسەرکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە یەک رۆژ زیاتر ناخایەنێت.
ترەمپ لە وتارێکیدا رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئیدارەی جۆ بایدن و دۆخی ئێستای واشنتۆن گرت و وتی: "جۆ بایدن لە کۆشکی سپی وەدەردەنێین".
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باسی لە ئەدای سەردەمی خۆی کرد کە کاتێک سەرۆک بووە جەنگێکی نوێ رووینەداوە، ئەوەشی خستەڕوو کە جەنگەکان رادەگرێت. سیاسەتی رێگریکردن دژبە رووسیا و چین پەیڕەوکردووە و قۆناغ بە قۆناغ هاوردەکردنی کاڵا لە چینەوە کۆتایی پێدەهێنێت و سزای ئابووریی بەسەر چیندا دەسەپێنێت کە "ڤایرۆسی چین"ی بە جیهاندا بڵاوکردەوە.
ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە جەنگی جیهانیی سێیەم سەرهەڵدەدات، بەڵام تاکە سەرکردە بتوانێت رێگری لە هەڵگیرسانی بکات خۆیەتی و بە ئاماژە کردن بۆ لەناوبردنی ''دەوڵەتی قووڵ'' شانازی بەو رێکارییانەوە کرد کە دژبە رووسیا و چین پەیڕەوی کردووە.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دەتوانرێت کۆتایی پێ بهێندرێت و وتی: "تەنانەت پێش ئەوەی بچمە نووسینگەی ئۆڤاڵ سەرەتا جەنگی ماڵوێرانکەری رووسیا و ئۆکراینا چارەسەر دەکەم. بەخێرایی کێشەکە چارەسەر دەکەم و ئەنجامدانی ئەمەیش یەک رۆژ زیاتر ناخایەنێت".
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەش کرد کە ئەمریکا بەشێوەیەکی شەرمەزارکەر ئەفغانستانی جێهێشت، ئەو چەکانەی ئەمریکا لەو وڵاتە جێیهێشتن تاڵیبان بە وڵاتانی دیکەی فرۆشتووە.