Jan 22, 2023

ئێران هەڕەشە دەكات


كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی كشانەوە لەرێككەوتننامەی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی دەكات وەك كاردانەوەیك بەرامبەر بڕیارەكەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ بەتیرۆرناساندنی سوپای پاسداران.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە، لە بەرامبەر ئەو پڕۆژە بڕیارەی لە پەرلەمانی ئەوروپا پەسەند كرا بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخرێتە "لیستی تیرۆر"، لەوانەیە لە رێككەوتننامەی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی (NPT) بچینە دەرەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوەكردووە چەند رۆژێك لەمەوبەر بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ جۆزێپ بۆڕێڵ، نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەوروپا بۆ سیاسەتی دەرەكی و كاروباری ئاسایش كردووە، وتیشی:" پەرلەمانی ئەوروپا نایەوێت كار بەو بڕیارانە بكات و ئەم بڕیارانە لەوەوە سەرچاوە دەگرن كە ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا بە سۆزەوە لە بابەتەكە دەڕوانن".

رۆژی 19ی ئەم مانگە، پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ، سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش كاردانەوەی توندی تارانی لێكەوتەوە.

NPT چییە؟

ئەو رێككەوتننامەیە كە لە ئێستادا 191 وڵات تێیدا بەشدارن، لە ئاداری ساڵی 1970 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئامانجە سەرەكییەكانی رێككەوتننامەكە كە لەسەر سێ بنەمای بنەڕەتی بنیاتنراوە، بریتین لە: رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی، بەكارهێنانی وزەی ئەتۆمی تەنها بۆ ئامانجی مەدەنی و داماڵینی چەكی ئەتۆمی.

بەپێی ماددەی نۆی رێككەوتننامەكە كە بۆ رێگریكردن لە زیادبوون كبڕكێی چەكی ئەتۆمی لە سەردەمی شەڕی سارددا جێبەجێ دەكرا، ئەو وڵاتانەی پێش ساڵی 1967 چەكی ئەتۆمییان هەبوو، پێگەیەكی تایبەتیان پێدرا.

لەو چوارچێوەیەدا ئەو پێنج وڵاتەی كە بەوە ناسراون خاوەنی چەكی ئەتۆمین، چین، فەڕەنسا، رووسیا، بەریتانیا و ئەمریكا، بەڵێنیان دا كە هاوكاریی وڵاتانی دیكە نەكەن لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی و هەوڵ بۆ داماڵینی چەكی ئەتۆمی بدەن. هاوكات 186 وڵاتەكەی دیكە كە خاوەنی چەكی ئەتۆمی نین، بەڵێنیان دا خۆیان بەدوور بگرن لە بەدەستهینانی چەكی ئەتۆمی.