مژدە بە جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەدرێتت

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومنەی نوێنەران رایدەگەیەنێت هەوڵەکانیان بۆ داکۆکیکردن لە مافی جوتیارانی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوون و شایستە داراییەکانی دوو ساڵیان بۆ خەرج دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند دوای سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە وەک ئەوەی پێشتر بەڵێنم پێدابوون کە بەردەوامبم لە بەدواداچوون و داکۆکیکردن لە مافەکانتان بۆ وەرگرتنی تەواوی شایستە داراییەکانتان. خۆشبەختانە ئەمڕۆ نووسراوی وەزارەتی بازرگانی بە خەرجکردنی پارەی گەنمی سالی ٢٠١٥، ٢٠١٦ گەیشتە کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە.
راشیگەیاند نووسراوەکەی وەزارەتی بازرگانی دوای ئەوەدێت کە لە مانگی ١٢ سکاڵایەکی پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد سەبارەت بە رێگریکردنی وەزارەتی بازرگانی لە خەرجکردنی ئەو پارەیە و بیانووهێنانەوە بۆ دواخستنی تا بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، روونیشیکردەوە کە سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێنی پێ دا لە دوای ٢٠ی ئەم مانگە پارەکە خەرجبکرێت .
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی جەختدەکاتەوە کە لە بەدواداچوون بەردەوام دەبێت تا بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانی جوتیاران.