Jan 13, 2023

شەش ئەندامی خێزانێك گیانیان لەدەستدا


شەوی رابردوو لەشاری بۆكان لەرۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی تەقینەوەیەكەوە شەش ئەندامی خێزانێك گیانیان لەدەستداو سیانی تر برینداربوون. 

رەسووڵ مەعروفی، سەرۆكی رێكخراوی بەرگریی شارستانیی بۆكان رایگەیاند، تەرمی شەش كەس لە ژێر داروپەردووی ئەو خانووە دەرهێندراوون كە شەوی رابردوو تەقییەوە.
 
ئەوانەی لە رووداوەكەدا گیانیان لەدەستداوە، هەموویان ئەندامی یەك خێزانن. سێ كەسیش بریندار بوون، كە یەكێكیان لە تیمەكانی بەرگریی شارستانیی بۆكانە.

هەرچەندە پێشتر بەرپرسانی بۆكان رایانگەیاند، خانووەكە بەهۆی دزەكردنی گازی ماڵانەوە تەقیوەتەوە، بەڵام پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی كۆمپانیای گازی پارێزگای ورمێ روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لێكۆڵینەوەیان لەو تەقینەوەیە كردووە و دەركەوتووە، هۆكاری تەقینەوەكە دزەكردنی گازی ماڵان نەبووە.