Jan 12, 2023

ئێران.. هێرشێكی چەكداری ژمارەیەك كوژراوو برینداری لێكەوتەوە


لە ئەنجامی هێرشێكی چەكداری بۆسەر خاڵێكی پشكنین لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، سەربازێك كوژرا و دوو پۆلیسیش بریندار بوون.

میدیاكانی ئێران لەسەر زاری محەمەد قەنبەری، بەڕێوەبەری ئاسایشی سێستان و بەلوچستان، بڵاویانكردەوە، ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی پشكنین لە شاری زاهیدان و بەهۆیەوە سەربازێك كوژراو دوو پۆلیسیش بریندار بوون.

بەرپرسە ئەمنییەكەی ئێران ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەكانیان بەرپەرچی هێرشە چەكدارییەكەیان داوەتەوەو ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانیش دەستی پێكردووە بە مەبەستی دەستگیركردنی چەكدارە هێرشبەرەكان، كە دوای ئەنجامدانی هێرشەكەیان بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتوون.

تائێستاش دەزگا ئەمنییەكانی ئێران هیچ زانیارییەكەیان لەبارەی هێرشەكەو ئەو چەكدارانە بڵاونەكردووەتەوە، كە پەلاماری خاڵە سەربازییەكەیان داوە.