Nov 23, 2022

دادگای فیدراڵی حكومەتی هەرێم پابەند دەكات


دادگای باڵای فیدڕاڵی دوا بڕیاری خۆی سەبارەت بە دۆسێی خانەنشینانی هەرێم دەركرد و، بڕیاری دا بە پابەند كردنی دەسەڵاتی هەرێم بە كاركردن بە یاسای خانەنشینیی یەكگرتوی عیراق ژمارە ٩ی ساڵی 2014ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان.

یوسف محەمەد ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە:" بەپێی مادەی (٩٤)ی دەستوری عێراق، بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بنبڕ و پابەندكەرن بۆ سەرجەم دەسەڵاتەكان. هەروەها بەپێی مادەی (٣٦)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٢، جێبەجێ نەكردنی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی خاوەنەكەی دوچاری لێپرسینەوەی سزایی دەكاتەوە."

دەقی بڵاوكراوەكەی یوسف محەمەد:

 ئەمڕۆ ٢٣- ١١- ٢٠٢٢، سوپاس بۆ خوا دادگای باڵای فیدڕاڵی دوا بڕیاری خۆی سەبارەت بە كەیسی خانەنشینانی هەرێم دەركرد و، بڕیاری دا بە: (یەكەم: نادەستوری بونی كاركردنی دەسەڵاتی هەرێم بە یاسای خانەنشینیی ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە؛ دوەم: پابەند كردنی دەسەڵاتی هەرێم بە كاركردن بە یاسای خانەنشینیی یەكگرتوی عێراق ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان). ئەمەش سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ خانەنشینانی شایستەی هەرێم كە دەیان ساڵی ژیانی خۆیان تەرخان كردوە بۆ خزمەتی هاونیشتیمانییانی هەرێم و، مافی خۆیانە كە ژیانێكی كەرامەتمەندانە بگوزەرێنن، ئەوان لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی كردویانە پێویستە قەرەبو بكرێنەوە نەك ستەمیان لێبكرێ و مافەكانیان زەوت بكرێ.
یاسای خانەنشینیی بەركاری ئێستای عێراق لە چەندین روەوە زۆر باشترە لە یاسا كۆنەكەی عێراق كە هەڵوەشاوەتەوە بەڵام هێشتا لە هەرێم بە شێوەیەكی نادەستوری كاری پێدەكرا. هەر بۆ نمونە لانی كەمی موچەی خانەنشینی لە یاسای ژمارە ٩ی ٢٠١٤ی هەمواركراوی بەركار لە عێراق (٥٠٠٠٠٠ پێنجسەد هەزار) دینارە، بەڵام لە یاسای ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە و رێنماییەكانی هەرێم (٢٢٠٠٠٠ دوسەد و بیست هەزار) دینارە، ئەمە جگە لە دادپەروەرییەكی زیاتر لە موجەی خانەنشینی لە نێوان بەرزترین موچە و كەمترین موچە، رەچاو كردنی بڕوانامە سەرەڕای ساڵانی خزمەت، رەچاو كردنی رێژەی گران بونی باری بژێوی لەسەر ئاستی عێراق، پێدانی ١٢ مانگ موچەی تەواو بە دەرماڵەوە وەك پاداشتی كۆتایی خزمەت بۆ ئەوانەی ٢٥ ساڵ و زیاتر خزمەتیان هەیە و چەندین جیاوازیی تر.
لە نزیكەی ٦ مانگ لەمەوپێشەوە بیرۆكەی تۆمار كردنی ئەم داوایە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی لەگەڵ ژمارەیەك لە خانەنشینانی هەرێم (لە رێكخراوی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان) و چەند یاساناسێكی گەنج تاوتوێ ئەكەین و، یەكەم رەشنوسی داواكەمان لە ٧- ٦- ٢٠٢٢ ئامادە كرد و، پاش زنجیرەیەك پێداچونەوەی بە هاوكاریی یاساناسانی هاوڕێمان و راوێژكردن بە شارەزایانی ئابوری و بودجە، دواجار دەقی داواكە لە لایەن پارێزەرەكانەوە لە ٨- ٩- ٢٠٢٢ لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار كرا. دادگای ناوبراو دو دانیشتنی دادبینیی سەبارەت بە داواكە بە ئامادەبونی نوێنەری خانەنشینانی داواكار و پارێزەرەكانیان لە (١٩- ١٠- ٢٠٢٢) و (٨- ١١- ٢٠٢٢)، بێ ئامادەبونی داوا لەسەركراوان (هەر یەكە لە مەسرور بارزانی و ئاوات شێخ جەناب) ئەنجامدا كە لە دانیشتنی دوەمدا پاش ئەوەی داوایەكی ترمان بۆ ڕونكردنەوە لە رێی پارێزەرەكانەوە پێشكەشی دادگا كرد، دادبینی كۆتایی هات و لە لایەن سەرۆكی دادگاوە ئەمڕۆ دیاری كرا بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسییەكە.
بەپێی مادەی (٩٤)ی دەستوری عێراق، بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بنبڕ و پابەندكەرن بۆ سەرجەم دەسەڵاتەكان. هەروەها بەپێی مادەی (٣٦)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٢، جێبەجێ نەكردنی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی خاوەنەكەی دوچاری لێپرسینەوەی سزایی ئەكاتەوە. بە پێیی مادەی (٣٧- یەكەم)ی هەمان پەیڕەو، بڕیارەكانی ئەم دادگایە (جگە لە دەقە سزاییەكان) لە ڕۆژی دەرچونیانەوە جێبەجێ ئەكرێن جگە لەو حاڵەتانەی لە بڕیارەكاندا ئاماژەیان پێدەكرێ. واتە لەمڕۆوە پێویستە دەسەڵاتی هەرێم موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم بە پێی یاسای خانەنشینیی ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی هەمواركراوی بەركار، هەموار بكاتەوە و موچەی نوێیان لەمڕۆوە بۆ هەژمار بكات.
پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە لە دەقی بڕیاری ئەمڕۆی دادگا و پشت بەست بەو داوایەی ئامادەمان كرد بو، رێخۆشكەرییەك هاتۆتە ئاراوە بۆ وەرگرتنەوەی مافی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم لە بابەتەكانی پاشەكەوت و لێبڕینی زۆرەملێ و نایاسایی موچە و، وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران.
لێرەدا پڕبەدڵ سوپاسی بێپایان لەو هاوڕێ یاساناسانەمان ئەكەین كە بە پیاچونەوەی داواكە، زۆر دەوڵەمەند و بەپێزتریان كرد، هەروەها ئەو بەڕێزانەی كە راوێژیان پێداین لەڕوی ئابورییەوە. بە هەمان شێوە زۆر سوپاس بۆ كاك بەشدار حەسەن كە خۆبەخشانە بەشدار بو لە ئەركی پارێزەری لە دۆسییەكە و، هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی خانەنشینان ئامادە بون لە دانیشتنەكانی دادگا، هەروەها سوپاس بۆ ئەو هاوڕێیەشمان كە ئەركی تێچوی دو پارێزەری تری لە بەغدا لە ئەستۆ گرت، سوپاس بۆ هەر كەسێكی دیكەش كە بە هەر شێوەیەك لەم دۆسییەیەدا بەشدار بو.
‎ئەمڕۆ هەمومان دڵخۆشین كە پێكەوە بەشدارین لە دڵخۆش كردنی دڵی دەیان هەزار خانەنشینی سەربەرزی هەرێم لەڕێی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوت كراوەكانیان لەم ڕۆژگاردا كە بەداخەوە لە هەرێم و دەوروبەری چەندین كۆست و كارەساتی ناخۆش ڕوئەدەن، هەر لە روداوە دڵتەزێنەكانی تەقینەوەی غاز لە گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانی و شاری دهۆك، هێرشی هاوكاتی توركیا و ئێران بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان، شەهید كردنی دەیان هاوڵاتیی خۆپیشاندەری مەدەنی لە كوردستانی ئێران بە دەستی هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتە و، پەلاماردانی كوردستانی سوریا لە لایەن دەوڵەتی توركیاوە.