Oct 23, 2022

" زانیارییە یاساییە نادروستە باوەکانی ناو کۆمەڵگە"


*زۆرجار گوێمان لێ بوە له خەڵک كه دەڵێن،کاتێک کەسێک مشروب دەخواتەوە و تاوانێک بە سەرخۆشی ئەنجام دەدات، تاوانەکەی لەسەر حيساب نابێت، يان سوک دەبێت!
ئەمە ئەصل و ئەساسی نیە، بەڵکو سەرەڕای ئەوەی کە تاوانەکەی کردوە لەسەری دەبێتە دوو تاوان، واته دوو مادە بۆ نمونە، کەسێک بە سەرخۆشی بە چەقۆ لە یەکێک دەدات، لێرە دوو تاوانی کردوە، هەم لێدان، هەم سەرخۆشی، تەنها ئەگەر تووشی ڕووداوی هاتوچۆببێت و سەرخۆشبێت ئەوا تەنها بەشی۲۲ی هاتووچۆی بۆ دەکرێتەوە.
*هەندێ خەڵک ئاماژە بەوە دەکەن، لەحاڵەتی ڕوداوی هاتوچۆی دوو ئۆتۆمبێل، مادام ئەو شۆفێرەی کە مۆڵەتی لێخوڕینی نیە دەبێتە تۆمەتبار!
ئەمە وانیە، نەبونی مۆڵەتی شوفێری هیچ پەیوەندی بە چۆنێتی ڕوداوەکەوە نیە، ئەگەر ئەو شوفێرەی کە مۆڵەتی لێخوڕینی هەیە مخالف بو، لەوحاڵەتەدا شوفێرە بێ مۆڵەتەکە نەک هەر نابێتە تۆمەتبار بەڵکو دەتوانێت سکاڵاش تۆماربکات، بەڵام لە دۆسیەکی تر بە تۆمەتی نەبونی مۆڵەتی شوفێری تۆمەتبار دەبێت.
*بیستراوە لە بەشێک لە خەڵک، لەساتەوەختی إعدام کردنی تاوانبارێک ئەگەر پەتی سێدارەکە پچڕا تاوانبارەکە إعدام ناکرێت!
ئەمە زانیاریەکی نادروستە، لە قانوندا إعدام بە مانای لەسێدارەدانی تاوانبارەکە دێت تا دەمرێت، واتە ( شنقا حتی الموت)
*خەڵکانێک بۆچونیان وایە،کاتێک ڕوداوی هاتوچۆ ڕودەدات لةسةر شةقام و برینداری لێدەکەوێتەوە، یان بەشێوەیەکی گشتی هەر بریندارێکی تر، ئەگەر خەڵک بەهانایەوە بچێت و بیگەیەنێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن،ئەوا دەستگیر دەکرێت!
ئەمە زانیاریەکی بێ بنەمایە، لێکۆڵەری بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە تەنها زانیاری سەرەتایی لە کەسەکە وەردەگرێت، وە ئەگەر بریندارەکە توانای ئيفادەدانی هەبێت کارەکە زۆر ئاسانتر دەبێت، تەنانەت قانون ئەوەی بە تاوان داناوە کاتێک کەسێک دەتوانێت یارمەتی کەسێک بدات کە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، بەڵام (بێ پاساو) نایدات.
*بەشێک لە خەڵک وا تێگەیشتون، کاتێک تۆمەتبارێک بە کەفالەت ئازاد دەبێت، دۆسیەکەی دادەخرێت وە ئەوان بە بێ ئومێدێەوە دەڵێن سكاڵایان تۆماركردوه له دژی كەسێک بەڵام تۆمەتبارەکە بە کەفالەت ئازاد بوو!
ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئازادبون بە كەفالەت بەمانای داخستنى كەیسەكه نایەت، لەحاڵەتی هەبونی بەڵگە، تۆمەتبارەکە لەداهاتودا لە قۆناغی دادگايی كردن حوكم دەدرێت.
*خەڵک دەڵێن تۆمەتبارەکە حوكم نەبو، چونكه غەرامە كرا!
لەڕاستيدا غەرامەی محكمه به حوكم دادەنرێت، واتە تاوانبارەکە بە مەحکوم دادەنرێت وە لەسەر تاوانبارەکە دةبێته "سابقەى تاوان" كه لةناو خەڵک بە( پەنجەمۆر) ناسراوه.
*بەشێك لە خەڵك دەڵێن،کاتێک له دەرەنجامی ڕوداوی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل سەرنشینەکانی ناو سیارەیەک وەیان شوفێرەکە دەمرێت، ئەوا "شوفێرە زیندوەکەی لاکەی تر" بەرپرسیار دەبێت و تۆمەتبار دەبێت لەمردنی ئەوان، چونکە لایەنەکەی تر مردوە!
ئەمە ڕاست نیە،ئەگەر بەبەڵگە سەلمێنرا شۆفێرە مردوەکە مخالف بوە، شوفێرە زیندوەکە نەک هەر بەرپرسیار نابێت تەنانەت دەتوانێت داوای قەرەبو"تعویض"یش بکات ا
لەدوایی دا جگە لە زانیاری هەڵە هیچی تر نیە.
*کاتێک تۆمەتبارێک بە کەفالەت ئازاد دەبێت، ئەگەر دواتر خۆی شاردەوە یان هەڵات ئەوا کەفیلەکەی لەجیاتی ئەو بەند دەکرێت!
‎ئەمە زانیاریەکی بێ بنەمایە، دادوەر دەسەڵاتی بەندکردنی کەفیلی نیە،بەڵکو پارەی کەفالەتەکەی لێ وەردەگیرێت لەحاڵەتێک کەفیلەکە نەتوانێت پارەی کەفالەتەکە چ دەم و دەست یا بە ئەقسات بدات لەوحاڵەتە دادوەر دەسەڵاتی بەندکردنی کەفیلی هەیە.
بەهیوای بە دووربوونتان لە کێشە و گیر و گرفــــت...

نووسەر: پارێزەر زەید بێرون