Sep 11, 2022

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆدەبێتەوە


جێگری حكومەتی هەرێمی كوردستان كوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگاو بەشێك لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی سلێمانی كۆدەبێتەوەو لەبارەی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی 55 پڕۆژەی وەبەرهێنان گفتوگۆ دەكەن.

بڕیارە لەو كۆبوونەوانەدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەدەچن، قوباد تاڵەبانی، دەیەوێت ئاگاداربێت لەوەی تێپەڕبوونی هەفتەیەك بەسەر كۆبوونەوەی یەكەمی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی سلێمانی چی گۆڕدراوە.

رێكەوت زەكی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە:"لە قۆناغی یەكەمدا قەبارەی ئەو 55 پڕۆژەیە زیاتر لە ملیارێك دۆلارە، ئەوەش بۆ سلێمانی دەستكەوتێكی گەورەیە لە دواتریش دەبێتە 157 پڕۆژە كە دیسان قەبارەی وەبەرهێنانەكە بەرزدەبێتەوە بۆ پێنج ملیار دۆلار كە سلێمانی دەمێكە كاری وای بە خۆوە نەبینیوە." 

بەگوێرەی زانیارییەكان، بەشێكی كۆبوونەوەكەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەكان تایبەت دەبێت بە تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی و بۆ ئەو مەبەستەش قوباد تاڵەبانی پلانێكی لەبەردەستدایە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە و لە ئەمڕۆوە خۆی سەرپەرشتی تەواوكردنی دەكات. 
 
6ی ئەم مانگە قوباد تاڵەبانی لەبارەی كارەكانی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كۆبووەوە و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند: "لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو داكۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لەشارە حەیاتەكە ئەنجامدەدەین؛ رێگەچارەی گونجاو بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆژە ستراتیجییەمان لەبەردەستدایە و دەبێت بەزووترین كات كارەكانی ئەو پرۆژەیە تەواوبكرێن."
 
ئۆتۆبانی بابان، یان شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بریتییە لە دروستكردنی رێگەیەكی خێرای 100 مەتری؛ درێژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی 146 كیلۆمەترە كە لە تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تاوەكو دەگاتە دەمركان نزیك شارۆچكەی عەربەت.
 
پڕۆژەكە چوارسایدی ھاتن و رۆشتن لەخۆدەگرێت كە پانیی سایدی سەرەكی 21 مەترە و سایدی خزمەتگوزاری 9 مەترە؛ دوو سایدیان بۆ رۆیشتن و دووانیان بۆ ھاتن بەكاردەھێندرێت.