Aug 4, 2022

زانكۆی سلێمانی پلەی یەكەمی سەر ئاستی هەرێم بەدەستدەهێنێت


بەپێی نوێترین ریزبەندی بڵاوكراوەی (وێبۆمەتریك) بۆ ریزبەندیكردنی ئاستی زانكۆكان، زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە و لەسەر ئاستی سەرجەم زانكۆكانی عێراقیش سێهەمی بەدەستهێناوە.

پڕۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، رایگەیاندووە: بەدەستهێنانی ئەو ئاستە بەرزە لە ریزبەندی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەرهەمی مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانە.

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، لە لێدوانێكدا، كە پەیجی فەرمیی زانكۆكە بڵاویكردووەتەوە، دەستخۆشی لە مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی كردووە بۆ هەوڵ و ماندووبوون و توێژینەوە ئاست بەرزەكانیان، كە بەوهۆیەوە (زانكۆی دایك) لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێم پلەی یەكەم و لەسەر ئاستی زانكۆكانی عێراقیش پلەی سێهەمی بەدەستهێناوە.

د.كۆسار محەمەد، داوای لە مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی كردووە، زیاتر لە هەوڵی پێگەیاندنی خوێندكاران و پێشخستنی زانكۆ بن، دەشڵێت “دەبێت زانكۆ وەك ناوەندێكی گرنگی ئەكادیمی، لە رێگەی زانست و توێژینەوەكانییەوە، پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ كۆمەڵگەدا هەبێت”.

جێگەی ئاماژەپێدانە، زانكۆی بەغدا، شەش هەزار ستافی وانەوتنەوەی هەیە و زانكۆی بەسڕەش دوو هەزار و 527 ستافی وانەوتنەوەی هەیە، بەڵام زانكۆی سلێمانی دوو هەزار و 100 ستافی وانەوتنەوەی هەیە.