Jul 30, 2022

کازمی: دۆخەکە سەختە


سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، دۆخەکە "زۆر سەختە" داوا دەکات رێگە لە بەریەککەوتن لە هێزە ئەمنییەکان بگیرێت، هەروەها دەشڵێت، پێویستە لایەنە سیاسییەکان دان بە خۆیاندا بگرن.
 
ئەمڕۆ بۆ دووەم جار لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەغدا خۆپێشاندانیان دژى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی وڵات لە لایەن هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییەوە دەستپێکرد و چوونە نێو هۆڵى پەرلەمانى عێراقەوە.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "دەبێت لایەنە سیاسییەکان پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن و رێکبکەون، ئەوەش لە پێناو عێراق و عێراقییەکان. دەبێت لایەنە سیاسییەکان دووربکەونەوە لە بە ناپاک ناساندن و پەراوێزخستنی یەکدی".
 
لە بەشێكی دیکەی راگەیێندراوەکەدا کازمی ئاماژەی بەوە دا، "داوا لە هەمووان دەکەم هێمن، ئارام و ژیر بن؛ هەروەها داوایان لێدەکەم پەنا بۆ رووبەڕووبوونەوە نەبەن؛ داواکارم لە هاووڵاتییان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان نەبنەوە و رێز لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرن."
 
لە خۆپێشاندانەکاندا گرژی دروستبوو، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە 125 بریندار گەیێندراونەتە دامەزراوە تەندروستییەکان. 100 برینداریان هاووڵاتیی سڤیل و 25 کەسەکەی دیکەشیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن.