Jun 10, 2022

ئەمریكا بڕیارێك لەدژی ئێران دەردەكات


ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، پڕۆژەیاسایەكی لەدژی ئێران پەسەندكرد بۆ رێگری لە گەیشتنی كەرەستەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ ئەو وڵاتەو سزاش بەسەر هەموو ئەو كۆمپانیایانە دەسەپێنرێت كە لەبواری فڕۆكەی بێفڕۆكەوان یارمەتی ئێران دەدەن.

پرۆژەیاساكە بەناوی رووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمریكا، لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پەسەندكرا، بەگوێرەی ناوەڕۆكی پرۆژەكەش، رێگە نادرێت ھیچ كەرەستەیەكی تایبەت بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە ئێران بفرۆشرێت یا هەناردەی ئەو وڵاتە بكرێت، ھەر لایەنێكیش ئەو كارە بكات سزا دەدرێت.

لەدوای پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە، بۆب مینیندیز، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا رایگەیاند: بەركاھێنانی ھەڕەمەكیی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەلایەن ئێرانەوە لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ھەڕەشەیەكی گەورەی ئەمنییە بۆ سەر ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی لەناوچەكە.

پرۆژەیاساكەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، پێویستی بە واژۆی جۆبایدن سەرۆكی ئەو وڵاتەیە، بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش دەبێتە گورزێكی كاریگەر بۆسەر پیشەسازیی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ئێران.

بەر لە پەسەنكردنی پڕۆژەیاساكەش، لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا ئاشكرایكردبوو، ئامانجیانە كڕین و فرۆشتن و گواستنەوەی كەرەستەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ ئێران بەهەموو شێوەیەك قەدەغە دەكرێت و سزای توندیش بەسەر هەر لایەن و كۆمپانیایەك بسەپێنرێت كە پابەندی بڕیارەكە نابێت.