May 13, 2022

دۆمینیكا پێدانی پاسپۆرتی بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان راگرت


وڵاتی دۆمینیکا رایگەیاند، بەشی پێدانی پاسپۆڕت لە رێگەی وەبەرهێنانەوە نیگەرانن لەبارەی ئەو دۆسیانەی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و سوریاوە دێن و بۆ ئەو مەبەستەش پێدانی پاسپۆڕتیان بە هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە راگرتوە.

 لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی دۆمینیكا ئاماژە بەوەشکراوە بە دیاریکراوی ئەو دۆسیانەی خەڵكی شارەکانی (هەولێر، ئامێدی، دهۆک، کەرکوک، لالش، رانییە، سۆران، سلێمانی، زاخۆ) كە دێن "جێگەی گومانن."

باس لەوەشکراوە، بە نیازن بە سەرجەم سیاسەت و رێکارەکانی دۆسییەکانی ئەم ناوچانەدا بچنەوە و لە ماوەی پێداچونەوەکەشدا بەشێوەیەکی راستەوخۆ تەواوی ئەو دۆسیانەی لەو ناوچانەوە پێیاندەگات بۆ ماوەیەکی کاتیی رادەگیرێن و لە پاش پێداچونەوەکەش پێویستیی و رێکاری نوێ بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆڕتەکە رادەگەیەنن.

هاوکات، ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستاشدا سەرجەم نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان کە بە باکوری عێراق ناوی بردوە و سوریا قەدەغە کراون لە داواکاری بۆ پاسپۆڕتی دۆمینیکی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتەکە لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە داواکاریی پاسپۆڕتی دۆمینیکی هاوڵاتیانی روسیا و بێلاروسیا رەتدەکاتەوە و پێدانی پاسپۆڕتی بە هاوڵاتیانی ئەو دو وڵاتەش راگرتوە.

لە هەرێمی کوردستان، ماوەی چەند ساڵێکە چەند کۆمپانیایەک لە رێگەی وەبەرهێنان و کڕینی پاسپۆڕتەوە مامەڵەی وەرگرتنی پاسپڕۆڕتی دۆمۆنیکا بۆ هاوڵاتییان دەکەن لەبەرامبەر وەرگرتنی برێک پارەدا.

هەر ئەمڕۆ كۆمپانیای گەشتیاریی ئاڵت گروپ لە هەرێمی كوردستان كە یەكێكە لەو كۆمپانیای كاری وەرگرتنی پاسپۆرتی دۆمینیكی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەكات، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئاگادارتان دەكەین بۆ ماوەی یەك مانگ هیچ فایلێكی كوردستان پێشكەش ناكرێت بۆ بون بە خاوەنی پاسپۆرتی دۆمینیكا، ئەویش بەهۆی گۆڕانكاری لە نرخی ئەم پاسپۆرتە و زیادبونی داواكاریەكان بۆ بەدەستهێنانی.

ئاماژە بەوەشکراوە، داواکردنی مافی بە هاوڵاتییبون بۆ هاوڵاتییانی کۆریای باکور و سۆدانیش رەتکراوەتەوە لەم دۆخانەدا: (بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ کەمتر لە وڵاتەکەی نەژیابێت و هیچ سەرمایەیەکی گرنگی لەوێ نەبێت و هیچ جۆرە بزنسێک یاخود چالاکییەکی هاوشێوەی لەو وڵاتانە یاخود لەگەڵ ئەو وڵاتانە نەبوبێت.)