May 9, 2022

پوتین: ناتۆ ناچاری كردین هێرش بكەینە سەر ئۆكراینا


ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا رایدەگەیەنێت، سوپای وڵاتەكەمان لەپێناو رزگاركردنی گەلی دۆنباس و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی رووسیا، لە ئۆكراینا شەڕ دەكات، دەشڵێت: هێرشەكەمان ناچاری و بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنكارییەك بوو كە نەیارەكانمان پیلانیان بۆی داڕشتبوو.

پوتین، لە میانی بەشداریكردن لە رێوڕەسمی سەربازیی نۆی ئایار (جەژنی سەركەوتن) كە بەبۆنەی ٧٧ەمین ساڵوەگەڕی شكستپێهێنانی ئەڵمانیای نازی لە جەنگی جیهانیی دووەم لەلایەن یەكێتی سۆڤیەتی جارانەوە، لە مەیدانی سوور لە مۆسكۆ رێك خرا، وتارێكی پێشكەشكردو تێیدا پیرۆزبایی لە سەربازو جەنگاوەرە دێرینەكانی رووسیا كردو رایگەیاند: ئێمە شانازی بە نەوەی سەركەوتن دەكەین و ئەركیشمانە پارێزگاری لەو یادەو ئەو قارەمانانە بكەین كە نازییەكانیان تێكشكاندو لەناویان بردن.

سەرۆكی رووسیا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هەمیشە داوای وتووێژێكی بێگەردو بەرقەراركردنی ئاسایشێكی یەكسان دەكات بۆ هەموو لایەك، بەڵام وڵاتانی ناتۆ نەیانویست گوێمان لێ بگرن و پیلانێكی تەواو جیاوازیان هەبوو بۆ هاوكاریكردنی سەرانی ئۆكراینا لە هێرشكردنە سەر هەرێمی دۆنباس و نیمچەدورگەی كرێمیا.

پوتین وتیشی:" پێشتر هەوڵی زۆرمان داوە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكرێن و نیگەرانییە ئەمنییەكانی رووسیا لەبەرچاو بگیرێن، بەڵام ئەنجامی نەبوو، ئەوان بەردەوام بوون لە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ داگیركردنی خاكی مێژووییمان لە دۆنباس، بلۆكی ناتۆ ئێمەی دووچاری دەستوەردانی سەربازیی چالاك كردەوە لە ناوچە بەسەریەكەوەكان. رووسیا كاردانەوەی نیشان دا بۆ رێگەگرتن لە هێرش، ئەمە بڕیارێكی ناچاریی، راست و لە كاتی خۆیدا بوو. بڕیاری وڵاتێكی خاوەن سەروەری، بەهێز و سەربەخۆیە".

سەرۆكی رووسیا، بە تیشك خستنەسەر ئەوەی كە هەمیشە بەرگریكردن لە وڵات پیرۆزە، ئاماژەی بەوەدا كە هاوشێوەی جەنگی جیهانیی دووەم، ئێستاش لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و گەلی رووسیا لە دۆنباس دەجەنگن.