May 4, 2022

چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی پۆستی سەرۆككۆمارەوە هاتەدەنگ


چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لەهەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەولێر دەكات پەیوەندیەكانیان رێكبخەن. هاوكات داوا لەلایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دەكات رێكەوتن و لێكتێگەیشتنیان هەبێت بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار.

چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستپێشخەرییەكی 18 خاڵی راگەیاند لەپێناو كۆتایی هێنان بەو چەقبەستووییەی لەدۆخی سیاسی عیراقدا هاتووەتە ئاراوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی لەیەكێك لە پێشنیارەكانیدا ئاماژەی بەوەكردووە:" پۆستی سەرۆككۆمار شوێنێكی گرنگ و سەرەكییە، بەوپێیەی پارێزەری دەستوور و سیمبوولی یەكێتیی وڵات و سەروەریی و پاراستنی یەكێتی و سەلامەتیی خاكی عیراقە، بۆیە پێویستە سەرۆككۆمار كەسێكی لێهاتوو و دڵسۆز و مێژوو و رەفتاری چاك بێت. پێویستە لایەنە كوردستانییەكان هەوڵبدەن رێككەوتن لەسەر كەسێك بكەن، كە خاوەن ئەو تایبەتمەندییانە بێت لە چوارچێوە كارپێكراوەكاندا." 

لەبارەی پۆستی سەرۆكوەزیرانیشەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەكردووە:" بەهۆی گرنگیی پۆستی سەرۆك وەزیران و هاوكات رەچاوكردنی مافی زۆرینە و گەورەترین پێكهاتە، پێویستە كاندیدی سەرۆك وەزیران رەزامەندی تەواوی ئەو هێزانەی هەبێت كە بەشداری حكومەت دەكەن و بەرپرسیارێتی شكست و سەركەوتن و لێپرسینەوەی لە ئەستۆ دەگرن، هەروەها پێویستە كاندیدی سەرۆكی وەزیران كارامەیی، دەستپاكی و ئەزمونی سیاسی و ئابوری هەبێت."

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا ئەوە روونكراوەتەوە:" پێویستەپەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکبخرێن، بەشێوەیەک مافی هەموو بپارێزێت و زۆر شەفاف بێت، هەروەها چارەسەری گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی سەرجەم دۆسیەکانی نێوانیان بەپێی دەستوور، وەک دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی سامانی سرووشتیی وڵات و پشتوانیی هێزەکانی پاسەوانی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە و پابەندبوون بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە."