Mar 17, 2022

چارەسەرێکی وەسواسی


وەسواسی کێشەیەکی دەروونیە کە ژیانی زۆرێك لە ئێمە دەشێوێنێ. کەسی وەسواس تەنها ئەو نائارامیە بۆ خودی خۆی بەرهەمی نابێ بەڵکو دەوروبەریشی جۆرێك لە ناڕەحەتی هەستپێدەکەن. بەشێوەیەکی گشتی و بەپێی ڕادەی وەسواسیەکە کێشە دەروونیەکان قوڵتر دەبنەوە، کە نائارامی و دوودڵی و دڵەڕاوکێ و ترس لە کەسە توشبووەکەدا زیاتردەکات. زۆرجار کەسە توشبووەکە زۆر تەکنیك تاقیدەکاتەوە و زۆرجاریش پەنا دەباتە بەر خواردنی دەرمانی ئارامکەرەوە. دەتوانم بڵێم ئەگەر کەسی توشبوو خۆی ئامادەیی تیابێت کە کار لەگەڵ بیرکردنەوەکانی خۆیدا بکات و کاتێك تەرخانبکات بۆ هەندێ لەم ڕێنماییانەی خوارەوە، لەوانەیە بەخێرایی هەست بەو گۆڕانکاریە ئەرێنیانە بکات لە بیرکردنەوەکانیدا سەبارەت بە وەسواسیەکەی. پێش هەمووشتێك باشترین چارسەر ئەوەیە کە کەسەکە هەرگیز بەخۆی نەڵێ: من هەرگیز چاکنابمەوە. وە زۆر باشە کە ئەو بارەی خۆی قبوڵکردبێ، چونکە هەتا قبوڵی نەکات ناتوانێ چارەسەری باش وەربگرێت و ئارامبوونەوە بەخۆیەوە نابینێ. هەموو شەوێ پێش نوستن ئەم چەند دێڕە/ دەستەواژەیە چەند جارێك بەخۆت بڵێ،بەشێوەیەك کە تەواو بڕوای پێبکەیت و ببێتە بەشێكی باش لە ژیانت و بیرکردنەوەکانتا. دووبارەکردنەوەی ئەم دەستەواژانە دەبێتە هۆی پڕۆگرامکردنیان لە مێشکتا و وەك (تریگەر) کاردەکات لە ناوتا: چەند هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژەو هەناسە بدەرە دەرەوە.پاشان لە نێوان هەناسە هەڵمژین و هەناسە دانەدەرەوەتدا یەکێك لەم دەستەواژانە بڵێرەوە. . سبەینێ ڕۆژێکی ئارامم دەبێ . سبەینێ هەست بە خۆشی دەکەم و شتی خۆش ڕوودەدات . سبەینێ من کارەکانم و هەڵسوکەوتم بەباشی ڕادەپەڕێنم کە دەبێتە هۆی ئارامببوونەوەم هەموو بەیانیەکیش کە لە خەو هەستایت : چەند هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژەو هەناسە بدەرە دەرەوە. پاشان لە نێوان هەناسە هەڵمژین و هەناسە دانەدەرەوەتدا یەکێك لەم دەستەواژانە بڵێرەوە: . ئەمڕۆ هەست بە ئارامیەکی زۆر دەکەم . ئەمڕۆ هەست بە خۆشی دەکەم و شتی خۆش ڕوودەدات . ئەمڕۆ من کارەکانم و هەڵسوکەوتم بەباشی ڕادەپەڕێنم کە دەبێتە هۆی ئارامبوونەوەم من پێم باشە کە هەرکاتێك بیرکردنەوەکانی دەچنەسەر ئەو شتەی کە کەسەکە ناچار بەبیرکردنەوەی ناخۆش دەکات، بتوانێ سەرنجی بگوازێتەوە بۆ شتێکیتر، بۆ نمونە چالاکیەکیتر ئەنجامبدات، گوێ لە شتێ بگرێت، سەیری تیڤی بکات، تاد. لەبەر ئەوەی هەر چالاکیەکیتر گواستنەوەی سەرنجە بۆ شتێكیتر. هەموو ئەو شتانە بنوسێت کە دەبێتە هۆی ئەو نائارامیە. ئەگەر کاتت تەرخانکرد بۆنوسینەوەی ئەو شتانەی کە وەسواسیەکەت تۆ ناچار دەکات، کە هەستەکانت چۆن و چین و ڕەفتارت چی بەسەردێت لەوکاتانەدا، ئەو کاتە زۆر سودی دەبێت بۆت کە وادەکات کاتەکانی بزانیت و بیناسیتەوە. بەمەش لەوانەیە کە هێزی ناچارکردنەکە کەمتر بتوانێ تۆ کۆنتڕۆل بکات. تۆ لەو کاتانەدا خۆت بەباشی ئامادەدەکەیت و تۆکۆنتڕۆڵت دەبێ. هەوڵبدە پلانت هەبێ و ئامادەبیت کە بیرکردنەوەیەکت بۆهات بزانی کە بەسەردەچێ و تۆ کۆنتڕۆڵی ئەو کارەت کردووە. هیچ شتێك خراپ نابێ ئەگەر بە بوێرانە بەرەوڕووی ببیتەوە. تۆ کە کارێك دەکەیت بەخۆت بڵێ کە هەمووشت بەباشی دەڕوات، پێویست بە دوودڵی ناکات.

 

 

نووسەر: م.عەبدوڵا تۆفیق