Mar 2, 2022

سوودە تەندروستییەکانی شۆفان چین؟


دانەوێڵەیەکی بچوکی دەوڵەمەندە بە توخم  و مادەی پێویست بۆ  لاشە، ناوی ئەڤینا ساتیڤایە، شۆفان ژەمە خۆراکێکی تەواوە.

یەک کوپ لەشوفان ،نزیک بە هەشتا گرام، نزیک بە سێ سەد کالۆرییە.

 دژە ئۆکسان
شۆفان مادەی ئەڤین ئەنثرامایدی تێدایە،کەدژە ئۆکسانە و هانی زۆرتر بەرهەمهێنانی مادەی نیتریک ئۆکساید دەدات کەلە ڕوپۆشی ناوەوەی لوولەی خوێن دەردەدرێت بەمە فشار ڕێک دەخات،خۆشی ژیان وابەستەیە بە مادەی نیتریک ئۆکساید، لەفلیمێکگازی نیتریک ئۆکسایدیان دا بە کۆمەلێ خەڵکی، زیانی لاوەکی ئەوە بوو خەڵکەکە کەوتنە حاڵی سەماکردن و پێکەنین، هەروەها شۆفان دژە ئۆکسانی فیرولیک ئەسیدی تێدایە

کێش دابەزین
خەڵکی حەز دەکات لەش و لاری ڕێک بێ تا بەدور لەنەخۆشی بێت،چونکە لە ڕوی پزیشکییەوە مرۆڤ تا کەمەری گەورەتر بێت زیاتر لەنەخۆشی دڵ ومەرگ نزیک دەبێتەوە، هەرچەندە بابەتی مردن وابەستەیە بە قەدەری خودای باڵادەست.

شۆفان پڕیەتی لەڕیشاڵی تواوەی بیتا گلوکان کەلە گەدە ، لەنێو ئاودا دەتوێتەوه، شۆفان لەم دانەوێلانەیە کە زۆر لەگەدە دەمێنێتەوە ، وادەکات هەست بەتێربوون بکەیت، بیتا گلوکان سودی تری هەیە کەهانی گەشەی بەکتریای سودبەخش دەدات لە دەزگای هەرسکردنی خۆراک لەمرۆڤدا. 

تەندروستی دڵ
شۆفان بەهۆی بێتا گلوکان ،چەوری خراپ (ئێل دی ئێل)و کۆلیسترۆڵ لە خوێن دێنێتە خوارەوە،فشاری خوێنیش دێنێتە خوارێ.شۆفان مەگنیسیۆمی باشی تێدایە کە بەسودە بۆ دڵ و ئارامی مێشک.

خەوێکی خۆش
شۆفان خەو خۆشتر دەکات، دەتوانین شۆفان لەگەڵ شیرو مۆز تێکەڵ بکەین بەدەزگای تێکەڵکردن، بەمە دەبێتە شەربەتێکی نایاب، ئینجا بینۆشین بە دوو کاتژمێر یان زیاتر پێش خەوتن. شۆفان مادەی میلاتۆنینی تێدایە کە هۆرمۆنێکە ،سوڕی خەوتن وبەخەبەر هاتن ڕێک دەخات، ئەم هۆرمۆنە لەمۆزو گوێزو گێلاسیشدا بونی زۆرە، شۆفان ترشی ئەماینی تریپتۆفان بۆ مێشک ،بەڕێژەی پێویست دابین دەکات،ئەم تریپتۆفانە وەک سڕکەری مێشک وایە، شۆفان ڤایتەمین بی شەشی تێدایە کەکارای یاریدەدەرە لە بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین(هۆرمۆنی دڵخۆشی)، ڤایتەمین بی شەش گرژی کەمدەکاتەوە کە هۆیەکی سەرەکییە لە خەو زڕان.

وەرزشەوان 
شۆفان دەوڵەمەندە بە پرۆتین و کاربۆهایدرات،بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان گەر کاتژمێرێک پێش وەرزش کردن شۆفان بخورێت وزەی پێویست دابیندەکات بۆ وەرزشەکەو زیندە چالاکی لاشە، شۆفان وادەکات مێشک ولاشە فرمانەکانی ڕۆژگار بەسەرکەوتووی ئەنجامبدەن.

دژە شێرپەنجەیە
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان کەلە بەریتانیاو هۆلەندا ئەنجام دراوە، خەڵکانێکی زۆر بەژداربوونە لەسەر کاریگەری خۆراکی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵی فایبەر (کە لە دانەوێلەی وەک شوفان دا زۆرە)، دەرکەوتووە  خواردنی  دەگرام ڕۆژانە لە فایبەری زیاد، دە لەسەدا ڕێژەی شێرپەنجەی کۆلۆن و دەرچەی کۆم کەمدەکاتەوە، تا زیاتر ڕیشاڵ بخورێت ئەم شێرپەنجەیە کەمتر دەبێتەوە.

بەرگری لاشە
شۆفان بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لاشە بەسوودە، مادەی بێتا گلوکان دژی بەکتریایە، شوفان دژی هەوکردنە، توخمی زینگ کە لە شۆفان داهەیە بۆ بەرگری ‌باشە.

شۆفان بۆ ئەوانە باشە کە چارەی کیمیاوی یاچارەی تیشک وەردەگرن، چونکە بەرگریان دێتە خوارەوە، یا ئەوانەی بەردەوام گرژیان لە سەرە، گرژی دەبێتە هۆی زیاد لەدەردانی مادەی  کۆرتیسۆڵ کە بەرگری دێنێتە خوار، تا کۆرتیسۆڵ  زیاتر بێت نەگبەتی و کێشە زیاتر دەسازێ لەلاشەی خۆشەویستی خۆمان.

چارەی قەبزی 
مرۆڤ کاتێ بەتەمەن دادەچێت جوڵەی کەم دەبێت و ئاو کەمتر دەخواتەوە، پتەوی لاوێتی لەدەست دەدات، بۆیە زیاتر قەبز دەبێ، شۆفان یارمەتی دەری باشە بۆ چارەی قەبزی بەهۆی دەوڵەمەندی بە ڕیشاڵی‌فایبەر

منداڵان و خانمی دوگیان
شۆفاندەولەمەندە بە توخمی ئاسن و زینگ، ریشاڵ بۆ سیستەمی هەزمی منداڵ باشە، غازات کەمدەکاتەوە، شۆفان ڕەوانێکی سروشتییەو دژ بە قبزییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانشۆفان لە کەمکردنەوەی  ڕەبوو لە منداڵدا ڕۆڵی هەیە.

 خانمانی دووگیان کێشەی کەم خوێنیان هەیە، شۆفان دەولەمەندە بە ڤایتەمین بی نۆ (فۆلەیت) و ئاسن، زۆربەی خانمانی دووگیان حەب(قورسی)فۆلەیت و ئاسن وەردەگرن بۆ چارەی کەم خوێنی بەڕێنمای پزیشکی پسپۆڕ. هەروەها شۆفان ڤایتەمین بی یەک، دوو، پێنج، شەشی تێدایە

دابەزینی شەکرو شەکرەداران
شۆفان شەکرەی خوێن ڕێک دەخات،پێنوێنی شەکراوەتی(گلایسیمیک ئیندێکس)ی کەمە، ئەم خۆراکانەی کە پێنوێنیان  کەمە، باشە بدرێت بەشەکرەداران 

پێستی جوان
شۆفان ڕۆلێکی ناشاراوەی هەیە لە جوان ڕاگرتنی پێست، پێست شێدار دەکاتەوە، پاکەرەوەی سروشتی پێستە، پێستی مردو لادەدات .ئەتوانرێ کوپێک شیرو دوو کوپ شۆفان کەوچکێکی ناوەندی هەنگوین تێکەڵ بەیەک بکرێت و گیراوەیەکی لێ دروستبکرێت پاشان بۆ ماوەی نزیک بە پانزە خولەک بە ڕوخسارت یاهەر شوێنێکی تر له پێستی بدەیت پاشان بە ئاوی شلەتێن بیشۆرە.

شۆفان بۆ زیبکە باشە، دژی تیشکی سەرو وەنەوشەییە. شۆفان بۆ ئێکزیمای پێستیش بەسوودە. بۆ پێستی وشک وخوران بەسودە، دژی تۆشکەی سەرە(ئەتوانرێ گیراوەیی شیر وشۆفان کەڵ بکەیت ولە حەمام بەسەرتەوە بێ بۆ ماوەی دە خولەک پاشان بەئاوی شلەتێن سەرت بشۆریت)
------------
بۆ لاشەیەکی تەندروست و ئارامی مێشک ڕۆژانە شەربەتی شیر و مۆز و شوفان بنۆشن
تا چێژ ببینن لە خۆشی نیعمەتی ژیان.
دکتۆر کوردین قاسم عومەر