Oct 17, 2020

ئەمڕۆ گەورەکانی لالیگا یاری دەکەن


دوای تەواوبوونی هەفتەی فیفا و پەیوەندیکردنەوەی یاریزانان بە یانەکانیان ئەمڕۆ یارییەکانی گەڕی 6ـی لالیگا دەستپێدەکەنەوە و 4 یاری بەڕێوەدەچن، کە هەر چوار یانە گەورەکە یارییان هەیە.

یاری دەستپێک لەنێوان گرانادا و سێڤییا دەبێت، کە تیپەکەی لۆپێتیگێ زۆر پێویستی بە 3 خاڵی یارییەکە هەیە و بە بردنەوە دەتوانێت بەشێوەیەکی کاتی بچێتە پێشەنگی خولەکە، بەڵام بێگومان ئەرکی ئاسان نییە و لە دەرەوەی یاریگەی یاریدەکات.

لە یاری دووەمدا سێلتا ڤیگۆ میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات، کە ئەمەی دوایی لە دوو یاری دواییدا 4 خاڵی لەدەستداوە و نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک بکات، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ سوارێز و هاوڕێکانی نەبەنەوە گوشارەکانی سەریان زیاتر دەبن.

پێشەنگی خولەکە لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری کادیز دەکات کە ئەمساڵ گەڕاوەتەوە لالیگا.

زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدرید پێیوایە ئەرکی خۆی و یاریزانەکانی ئاسان نابێت، چونکە وەکخۆی گوتی "کادیز تیپێکی رێکخراوە".

دوایین یاری کە ریال مەدرید و کادیز لە لالیگادا بەرامبەر یەکدی کردبێتیان لە 2006 بووە و یانەی شاهانە 3 - 1 یارییەکەی بردووەتەوە، بەڵام دوایین یاری نێوانیان لە 2015 بووە لە جامی شای ئیسپانیادا و ریال ئەو یارییەشی بەهەمان ئەنجام بردووەتەوە.

لە دوایین یاری ئەمشەودا، یانەی بارسێلۆنا لە ئەرکێکی زەحمەتدا دەبێتە میوانی خیتافێ و یارییەکە کاتژمێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.

خیتافێ لەم یارییەدا سوپرایزێکی هەیە و بەشێوەیەکی کاتی ناوی یانەکەی دەگۆڕێت، کە لە هەڵمەتێکی راگەیاندندا داوا لە جەماوەرەکەی دەکات لەجیاتی ناوی خیتافی وشەی "فێ" بەکاربهێنن، کە بە زمانی ئیسپانی واتا "بڕوادار"، مەبەست لێی هاندانی جیهانە بۆ ئەوەی لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا خۆڕاگربن، بڕوای ئەوەیان بەخۆیان بێت کە ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنن و بەسەر کۆرۆنادا سەردەکەون.

بارسا بە 7 خاڵ لە 3 یارییدا پلەی پێنجەمی ریزبەندیی گرتووە و خیتافێش بە هەمان ژمارەی خاڵ لە پلەی حەوتەم دێت، بەڵام 4 یاری ئەنجامداوە، پرسیار ئەوەیە ئایا فێ یارمەتی خیتافێ دەدات بۆ بردنەوە لە مێسی و هاوڕێکانی.

 

خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ:

گرانادا - سێڤییا 14:00
سێلتا ڤیگۆ - ئاتلێتیکۆ مەدرید 17:00
ریال مەدرید - کادیز 19:30
خیتافێ - بارسێلۆنا 22:00